group-telegram.com/RegaRasaKan/10108
Last Update:
ئەم ڕێگا بەرەو کوێ دەڕوا؟
لە کۆڵانێکی تەنگەبەر، دەرکەیەک هەمیشە ئاوەڵا بوو. پەردەیێکی ئەستووریان پێدا هەڵواسیبوو. دارێکی بەتەمەنی پڕ لەق وپۆ، لە لای ڕاستی حەوەشەکە بوو. چەند پیاوێک لە ژێر سێبەری ئەو دارەدا دانیشتبوون. یەکێکیان دەیگوت: من چەندین ئیش و کارم گۆڕیوە. بەڵام لەکن خودای نەبێتە ناشوکری، ڕزقی من وێنەی کلکی کەر نە کورت دەبێت و نەدرێژ. ئەویتر دەیگوت: مرۆڤ لە بەهەشتیشدا کرێنشین بێت، هەر بەشی خەفەتە. من باوکیشم هەر لەدایکبووی ئەم شارە بوو. کەچی هەر نەبووین بە خاوەنماڵ. لاوێک لە پاڵ حەوزی ناوەڕاستی حەوشە لووتی داژەندبوو.
لە ژوورەوە وێنەی پوورەی هەنگ، ژنان تێکڕا قسەیان دەکرد. ژنێک دەگریا کە کوڕەکەم حەوت مانگە ون بووە. ئەو حەوت مانگە هەر شەوێکم بە ساڵێک تێپەڕیوە. ژنێک دەیەویست لای میردەکەی کە ژنی بەسەردا هێناوە، خۆشەویست بێت. ژنێک قوفڵ و کلیلێکی لە ناو دەستی توند گرتبوو...
یەکە یەکە دەچوونە ژوورەوە. کابرای دوعانووس لەسەر تەخت چەند کتێبە شڕی لە پێش خۆی دانابوو. کاسە و دەفرێکیش لەپاڵ دەستی. دەتگوت سکڵی لەنێو زار دایە. بە پەلە دوعای دەخوێند. کاتێ لەگەڵ بەرانبەرەکەی قسەی دەکرد، جارجارەش سەیری بن میچی دیوەکەی دەکرد و لەگەڵ کەسێکی نادیاردا دەدوا، کە لە غەیبەوە هەواڵی بۆ دێنێت.
دیارە بۆ هەر گرفتێک دوعای تایبەتی خۆی هەبوو: بۆ دەوڵەمەندی، نووشتەی سێ سووچ کە دەبێ بە خوێنی کەروێشک، سوور بکرێ و لە شەوێکی مانگە شەو، لە سووچی قەبرستان بکرێتە ژێر خاکەوە.دایکێک کە منداڵەکەی لە ماڵ هەڵاتووە، دەبێ دوعاکە بە مۆم بسووتێنێ و بێدات بە دەم ئاوەوە هەتا منداڵەکەی بگەڕێتەوە. بۆ بەستنی ڕزقی کەسێک دەبێ دوعاکە تێکەڵ بە گۆشتی مەڕی گێژ، دەرخواردی سەگی ڕەش بدرێت...
ئێوارە کابرای دوعانووس پارەی سەرقەڵەمانەی ئەوڕۆژەی کۆ دەکردەوە. خێزانی هاتە یارمەتی. هەر شێوە ئەسکەناسێکی بە جیا دەنایە مەڵۆ.
مانگانە چەند شەو دەچوونە چێشتخانەی دەرەوەی شار. ئەو شەوەش سواری ماشێنی خۆیان بوون و لە دەرکەی پشتەوە چوونە سەر شەقام.
له ڕێگا کابرا بیری لەو خەڵکە دەکردەوە. کاری بەوانە نەبوو کە لێیان بۆتە عادەت، وا دەزانن ئێرە نانەواخانەیە و هەموو ڕۆژێک دێن. بەڵام پێم سەیرە کە ژنێک دەیەوێ لای میردەکەی کە ژنی هێناوەتە سەری خۆشەویست بێت. ئاخر ماڵکاول! ئەو ئەگەر تۆی خۆش بویستبا ژنی دیکەی نەدەهێنا. کابرا بە لوتێکی زل و چاوێکی خێل دەڵێ حەزی لە ئافرەتێکی پشت پاژینە پڕە کە نوقڵ بە زاریدا ناڕوا، لەگەڵ مانگی چاردە بەشەڕ دێت. ئاخر مەگەر کەر داویەتی بە عەرزا کە مێرد بە تۆ بکات؟ مامۆستایێکی کیمیا هاتووە بزانێ دزی ماڵەکەی کێیە؟ نازانم ئەو خوێندەواریەی کەی بە کاری دێت؟ ژن و پیاوێک هاتبوون کە دەمی کتێبیان بۆ بکەمەوە و پێیان بڵێم کە ئەو کچەی دیاریان کردووە بۆ کوڕەکەیان، بە کار دێت یان نا؟ بابان کڵۆڵ! من خۆم هەتا ئێستا سێ ژنم هێناوە هیچیان بەکار نایێن.
کابرا هاتووە داوا دەکات ڕزقی خزمێکی دەوڵەمەندیان ببەستم. دەی جا ئەگەر خزمەکەت ڕزقی ببەسرێ چی بە تۆ دەگات؟
لە سەر هیلکەی مریشکی ڕەش چەند وێنەی بێمانا بۆ ژنێک دەکێشم کە منداڵی نابێ، کەچی دەپاڕێتەوە قوربان بنووسە کوڕ بێت.
کابرا ناو لەپی نیشانی من دەدات تا بزانێت دواڕۆژی چۆن دەبێنم. من دەبینم قامکی ئەنگوستیلەی هێشتا دوو ڕەنگە و دیارە تازە ژنی تەڵاق داوە. پەڵێک دەخەم بە دارا و پێی دەڵێم: دەوروبەرەکانت قەدری تۆیان نەزانی. لە ژیانتدا بەختت نەیهانی. خەریکم قسەی ڕابردووی پڕ لە هەڵەی خۆی دەکەم و ئەو بە غەیبی دەزانێ.
من دواڕۆژی ئێوە نابینم بەڵام لە ڕابردووتان ئاگادارم کە چۆن بارهاتوون. ئێوە بتانبەنە بەهەشتیش، لە خۆتانی دەکەن بە جەحەندەم، بە دەوڵەمەند و گەداتانەوە.
"فریودانی ئەو خەڵکە زۆر ئاسانتر لەوەیە کە تێیان بگەیێنیت کە فریو دراون". جا مەگەر کاتی خۆی کەم هاوارم کرد؟ کامیان تێگەیین؟ سەردەمی لاویەتی تێکەڵ بە گرووپێکی چەپی بووم. دێ بە دێ دەگەڕاین. لە دێهاتێک چەند لایەنگری بنەماڵەمان هەر کە منیان ناسی هاتنە پێشوازم. بە خەڵکیان گوت: باپیری ئەم لاوە ئەوەندە زاتێکی پیرۆز بوو، هەرکە سواری دیوار دەبوو، دیوارەکە دەکەوتە ڕێ. لە پێش چاوی هەر ئەو خەڵکە و هاوڕییانم دام لە قاقای پێکەنین و وتم: باپیری خۆمم باش لە بیرە، کاتێ لەسەر ئەسب کەوتە خوارەوە و مرد.
بەڵام پاش تێکچوونی شۆڕش لەبەر بێکاری و نەداری، گەڕامەوە سەر ئیش و کاری باپیرم.
لەسەر چوار ڕێیانێک منداڵێک ڕۆژنامەی دەفرۆشت. ڕۆژنامەیێکی کڕی. هەتا بزانێت دەنگ و باسی وڵات چییە.
پاش ئەوەی کە لە ڕستوران، خواردنێکی بەتامیان خوارد، دیسان خۆی و ئیش وکاری لەمێژینەی باپیری ئاشت بوونەوە.
ئالبێرتۆ موراڤیا/ هالە ناظمی
خوێنەری خاوەنبیر!
زۆرێک لە ئێمه ڕێگای گەیشتن بە ئاواتەکانمان نازانین.
مێشکی بەتاڵ پاڵ بدات بە گیرفانی بەتاڵەوە، دەمانخاتە تاریکەڕێگایەک کەچوار دەوری گورگە لوورە.
عیسا ئەحمەدی١٤٠٤/٠٥/٢٢
@regarasakan
BY رێگا راسەکان
Warning: Undefined variable $i in /var/www/group-telegram/post.php on line 260
Share with your friend now:
group-telegram.com/RegaRasaKan/10108