group-telegram.com/gutariniwe/1636
Last Update:
ستایشی مەرگ و مانەوە لە جەغزی قوربانی ــ شەهیددا
(ئاوڕدانەوەیەک لە کارەساتی ئاگرەکەی ئاویەر)
رێبین نووری
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
@gutariniwe
پەنابردن بۆ قارەمان، جۆرێکە لە خۆدەربازکردن لەو بەرپرسیارێیتییەی لە ئەستۆمان دایە.
ژان پۆل سارتر
قارەمان چەشنێکە لە مرۆڤی نائاسایی، مرۆڤێک کە هەموو ئەرکەکانی ئێمە لە ئەستۆ دەگرێ، و ئاوێنەیەکە ئێمە خۆمانی تێدا دەبینینەوە. ئەم مرۆڤە نائاساییە بە مەرگ ناسنامەی بان مرۆیی دەسەلمێت. بۆیە قارەمان پاش مەرگە کە قارەمانێتی مسۆگەر دەکات و مەرگ دوایین وێستگە و پلەی قارەمانێتییە، که له کۆتاییدا هەڵدەکشێ بۆ ئۆستوورە.
ژینگە پارێزی وەک مۆدیلی گەشەی ئەڵتەرناتیڤ، جۆرێکە لە پاوەگەزدان، لە هەمبەر دەسەڵاتی زاڵی سیاسیدا، گەڕانەوەیە بۆ هێزی کۆمەڵایەتی و کولتووری لە کۆمەڵگای پەراوێزدا و لە راستیدا هەوڵێکە لە پێناوی سڕینەوەی چەق لە ناوەندێک کە ئەیەوێ لە سەرەوە مۆدیلێک لە گەشەکردن پێناسە بکات، مۆدیلێکی هەندێجار کۆلۆنیالیستی، کە یەکدەست کردنەوە و سڕینەوەی جیاوازییەکانی لە هەناودایە.
کە وابوو مۆدێلی گەشەی ئەڵتەرناتیڤ، لە هەوڵی ئەوەدایە سەرەڕای سڕینەوەی مۆدێلی کۆلۆنیالیستی، لە پێناوی دەرچوون لە تاقە مۆدێلی سەپاوی دەسەڵات، لە پێگەیەکی سۆبژێکتیڤەوە خۆی دەست بە ئەکتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بدات، که وابوو دەچێتە خانەی سیاسەتەوە و سیاسەتیش بە ئاراستەی ئەفلاتوون پێوەندییەکە لە نێوان گیانی تاک و نەزمی کۆمەڵایەتیدا. هەروەها ئەرەستوو سیاسەت بە دەستەبەر کردنی ژیانی باش پێناسە دەکات.
بۆیە، ژیان و ژیانی باشتر ئەتوانێ ئامانجی سەرەکی سیاسەت بێت. ژینگە پارێزیش وەک ئەکتێکی مەدەنی و مۆدێڕن لە پێناوی پاراستی ژینگەیەک دایە کە پێویستە بۆ ژیان و وەک دیارە ئامانجی کۆتایی پاراستی ژیانی هەموو گیانلەبەرانە.
ئەوەی ئێمەی کورد لە کارەساتی کۆساڵان و دواتر مەڕەخێڵ و ئەمێستاکەش ئاویەر دەیبینین، دابەزاندنی ژیانە لە پێناو پیرۆزکردنی مەرگ دا. مەرگێک کە ئاسایی نیە و ئۆستوورەییە و گرێدراوی قارەمان و پاڵەوانە.
پێوەندیی قارەمان و مەرگ پێوەندییەکی دوو لایەنەیە لە لایەکەوە قارەمان بە مەرگ ناسنامەی قارەمانێتی خۆی مسۆگەر دەکات و لە لایەکی تریشەوە مەرگ وەک بابەتێکی ئاسایی، لە پێوەندیی لەگەڵ کەسایەتیی قارەماندا ئاسایی بوون تێپەڕ دەکات. وەک مەرگی ئاشیل لە ئۆستوورەی یۆناندا، دەمرێت بۆ ئەوەی یادی هەمیشە زیندوو بێت. نموونەکەی لە ئەدەبی کوردیشدا شیعرەکەی شەهید مەلا عەلیە کە ئەڵێت "مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین" ...
@gutariniwe
زۆرجاران ئێمە نغرۆی دۆخێک دەبین، کە خۆمان نازانین چەندە دەستەوەستانانە لە ئاست پرسیارە بنەماییەکاندا نەزۆک و پاسیڤ و دەستەوەستانین. دوانەی ژیان مەرگ، هەمان دوانەی خەیر و شەڕ، و سپی و رەش و بەهەشت و دۆزەخ و تەنانەت جاش و باشە.
ستایشی مەرگی قارەمانانە، و نەک قارەمانی مردوو، زین کردنی، پیرۆزییە لە سەر مەرگ، لێرە جۆری مەرگە قارەمان دەکاتە قارەمان، ئەگینا لە دەرەوەی مەرگ قارەمان ناتوانێ واتای هەبێت.
ژینگە پارێزی وەک فەلسەفەیەک بۆستایشی ژیان، لە کۆتاییدا ئەبێتە، دیاردەیەک کە بە مەرگ پیرۆز دەکرێ. پیرۆزی ئەو هێڵە سوورەیە کە چنگ دەنێتە بینەقاقای پرسیار و ئەقڵی پرسیار ورووژێن. کەوابوو ژینگە پارێزی لە بەستێنی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتیدا، سەرەتایەکە بۆ سڕینەوەی پیرۆزیی لە مرۆڤ، شکاندنی ئەو ناوەندەیە کە مرۆڤ لێیەوە چاولە دونیا و سروشت ئەکات، تواندنەوەی ئەو وەهمەیە کە مرۆڤ وائەزانی ئەم دنیایە بە گیاندار و بێ گیانی دەرەوەی خۆیەوە، بە بۆنەی ئەو خولقاوە و بە هەمان شێوە ئەو مافە بە خۆی ئەدات کاولکاریی تێدا بکات.
لێرە مرۆڤیش بوونەوەرێکە وەکوو ئاژەڵ و رووەک و مەل و موور، ئالێرەوەیە ئەکتی ژینگەپارێزی بۆ ئێمەی کوردی داگیرکراو گرنگتر دەبێت. ئەکتی گرنگ ئەبێ بە پرسیاری گەورە و بنەماشکێن تۆکمەتر و جیدی تر بکرێت، بۆیە دابەزاندنی ژینگە پارێزی بۆ قارەمان پەروەریی و شەهیدسازی پاک کردنەوەی هەموو ئەو کۆسپ و گرفتانەیە کە بوونەتە هۆی کارەساتێکی ئاوەها. گرفتی وەکوو لێنەزانین، نەبوونی کەرەستە و ئامێری شیاو بۆ کوژاندنەوە و ... .
لە کۆتاییدا ئێمە ئەبێ بەخۆماندا بچینەوە، ئەبێ بیر لە ئاراستەیەکی تر و نەزمێکی کۆمەڵایەتی نوێ بکەینەو کە هەزینە و تێچووەکەی بەڕادەی دەسکەوتەکانی بێت. کۆمەڵگای کوردستان چەنده پێویستی بە گژوگیای ئاویەر بێت، زیاتر لەوە پێویستی بە شەریف باجوەرەکانە، پێویستی بە چیاکۆ و ئەحمەد و خەبات و موختارەکانە.
مانەوە لە جەغزی قوربانیی پیرۆزدا داهاتوومان بە مەرگ و مەرگدۆستی رەنگڕێژ دەکات.
BY خانای قوبادی ــ گوتاری نوێ
Warning: Undefined variable $i in /var/www/group-telegram/post.php on line 260
Share with your friend now:
group-telegram.com/gutariniwe/1636