group-telegram.com/xalidgraphic/2241
Create:
Last Update:
Last Update:
📬 نامه‌یه‌كی #مامۆستا_هێمن
بۆ
#ئه‌حلام_مه‌نسوور | 3/4/1977
گیانه‌كه‌م كاتێك نامه‌كه‌تم پێگه‌یشت كه زۆر خه‌مناك و په‌رێشان بووم، دڵم زۆر شكابوو، له گیانی خۆم بێزار بووم ، له‌سه‌رجێ راكشابووم و ده‌مویست بنووم، به‌ڵام خه‌وم نه‌ده‌هات، ئه‌گه‌رچی (48) سه‌عات بوو، خه‌وم له چاو نەكه‌وتبوو، نامەكه‌ت سێبووری دام. به‌خۆڕایی فرمێسك بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌ڕێژی كه مردووه، به‌خته‌وه‌رترین هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌یه زووتر بمرێ، ئه‌دی به ده‌ردی عه‌لی مه‌ردان بچێ.
من هاتوومه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ئینسان نییه و ئه‌گه‌ر ئینسانیش بێ، ئینسانێكی ئاسایی نییه،
ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یبینێ، خه‌ڵكی تر نایبینن، ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ستی پێده‌كات ، خه‌ڵكی تر هه‌ستی پێناكه‌ن، ئه‌و ره‌نجەی ئه‌و دەیكێشێ، ئه‌و ده‌ردەی ئه‌و ده‌یچێژێ، خه‌ڵك نایچێژێ؟
نامه‌كه‌ت زۆر خۆش بوو، خۆشتر له ژوانی گه‌وره‌پیاوان، شیرین بوو، شیرین‌تر له ماچی كه‌ڵه‌ژنان، قسه‌ی یه‌كجار گه‌وره پیاوانە و ئازایانه‌ی تێدا بوو، له‌و قسانه‌ی ژانداركی مه‌زنی له‌سه‌ر شه‌هیدكرا،چ بكه‌ین ئێستایش ئێمه نه‌گه‌یشتووینه ئه‌و زه‌مانه‌ی كه بوێرین رازه‌كانی ده‌روونمان بۆ كۆمه‌ڵ، بۆ خه‌ڵك ده‌ربڕین.
تۆ چاكه به‌خوێندنه‌وه و خزمه‌ت به منداڵكردن وه‌ختی خۆت راده‌بوێری، به‌ڵام من هیچ رابواردنێكم نییه، قسه‌ی قۆڕ نه‌بێ، ده‌مویست زۆرت بۆ بنووسم، زۆرت ده‌ردی دڵ بۆ بكه‌م، كه‌چی كارێكم بۆهاته پێش، له‌و كارانه‌ی كه له‌گه‌ڵ زه‌وقی شاعیرانه‌م یه‌ك ناگرنه‌وه، ئه‌گه‌ر مام رۆژی هه‌ینیی داهاتوو له لای كۆتره‌كان له 11 وه تا 12 چاوه‌نۆڕتم، ئه‌گه‌ر هاتی پێم خۆش ده‌بێ و ئه‌گه‌ر نه‌هاتی دڵم نایه‌شێ، ئه‌گه‌ر زووترت پێكرا به كاك عه‌بدوڵڵا بڵێ پێم راگه‌یه‌نێ.
خه‌ریك بووم سه‌فه‌ر بكه‌م، تا كه‌مێك خه‌مه‌كان بڕه‌ون، به‌ڵام كورد گوته‌نی: پیاوی ده‌سته‌وه‌ستان چ له گه‌رمێن چ له كوێستان. من ئیتر به هیوا نیم له‌م دونیایه خۆشی ببینم، ناهومێد نیم و لێم روونه رۆژێك هه‌ر دێ مرۆڤ به‌ئاواتی له مێژینه‌ی خۆی بگا، به‌ڵام من خۆ رزیوم، نه‌ماوم و تام له هیچ ناكه‌م، ئاخ پیری.
زۆر سه‌یره من له ته‌مه‌نی لاوه‌تیمدا بێ ئه‌وه‌ی بزانم پیری چ ده‌ردێكه و هه‌رگیز به بیرمدا نه‌ده‌هات سه‌رده‌می پیریم له ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریدا راده‌بوێرم، له پیری ده‌ترسام، ئێستا له‌و واقیعه به سامەدا دهژیممن ئێستا نه‌ك له مردن ناترسم، به‌ڵكه به ئاواتم بمرم، به‌ڵام وه‌ك شاعیرێكی شۆڕشگێری نه‌به‌ز پێم خۆش نییه خۆم بكوژم، یا به نه‌خۆشی بمرم، به‌ڵكو پێم خۆشه شه‌هید بم، له دار بدرێم، تیرباران بكرێم، به‌ڵام دوژمن ناپیاوه.
هه‌رچی ده‌بێ ببێ، به‌ڵام بۆم بنووسه، بمبینه من له‌وه ئازاترم كه بڵیم به‌و هه‌موو ناوبانگه‌وه كه ئێستا هه‌مه زۆر شت له تۆی ئازا فێربووم، كه زۆر كه‌س به شێت و دێوانه‌ت ده‌زانن، با ئه‌وه‌ش بڵێم منیش به شێت و دێوانه‌ت ده‌زانم، به‌ڵام فه‌رقی لێكدانه‌وه‌ی من و ئه‌وان زۆره، ئیتر به‌هیوای دیدار.
سه‌رچاوه
📰 گۆڤاری (ڕه‌نگین) ژماره (58) ساڵی 1993